ڕاگەیاندنی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراقی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی پەنابەران
رۆژی ٢٠ حوزەیرانی ٢٠٠١ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران بەپی بەندی ٥٥/٧٦، ئەو رۆژەی تایبەتکرد بۆ ڕاکێشانی ڕای گشتی جیهان بۆ کێشەکانی پەنابەران کە بەهۆی جەنگ و توندوتیژی چەوسانەوە ناچارکراون بە هەڵبژاردنی ژیانی پەنابەری تا لەو ڕێگایەوە هاوسۆزی وهاوکاری بۆ پەنابەران ڕابکێشێت.
لە کاتێکدا١٣ساڵ بەسەر بەفەرمی ناسینی ئەم ڕۆژەدا تێدەپەرێت ولە ١٠٠ وڵاتی جیهاندا ئەم یادە بەرز ڕادەگیرێت، کەچی هێشتا ئاوارەیی و بێخانەولانەیی و ژیانی نەخوازراوی پەنابەری، یەخەگیری سەدان ملیۆن ئینسانی سەر ئەم گۆی زەویەیە. لە عێراقدا زیاتر لەملیون ونیوێک ئینسان لەژن و مناڵ پیر وپەکەوتە لە زۆربەی شارەکانی عێراق بەهۆی شەری تایفی و مەزهەبی نێوان دەستەو تاقمی تیرۆریستی داعش و بەعسیەکان و حکومەتەکەی مالیکیەوە، بوونەتە قوربانی دەستی ڕەشی ئەو هیزە کۆنەپەرستانە و ناچار بەئاوارەی ودەربەدەری وبێخانەولانەیی کراون بەشی زۆریان ڕوویان کردۆتە کوردستان. لەژێر خێمەی ئاوارەیی وگەرمادا، لەدۆخێکی ناهەموارو نائینسانیدا ڕاگیراون. ئەم ئۆردووە ئینسانە ڕاکردوانە بەناچاری و بۆ دەربازبوون لەدەست مەرگ و خوێن رێژی کوشتار هانایان بۆ کوردستان هێناوە… کەچی لە کوردستانیش سەرباری خراپی کارەبا لەم گەرمای هاوینەدا، سەرباری بێ ئاویی و گرانی بازار و نەبوونی موچەو…تاد، کەوتونەتە ناو کەشێکی مەرگەساتبارەوە. هەروەها فەزای جەنگ نەک هەربۆتە بەهانەیەک بۆ شانخاڵی کردنەوەی دەسەڵات لەبەرامبەر داواکاریەکانی خەڵک و ئەم لێشاوە لە خەڵکی ئاوارە، بەڵکە پەرەدانی ئیحساساتی قەومی و تایفی، قولکردنەوەی تۆوی دووبەرەکی و نەژاد پەرستانەو جیاکاری نێوان ئینسانەکان بە شیعی وسونەو کوردوعەرەب، لەلایەکی ترەوە، مۆتەکەیەکی ترە، کە یەخەگیری کۆمەڵگا بووە.
جەنگێک کەچەند رۆژێکە لە عێراقدا بەرێخراوە، بەپێی ماهیەتی بەرامبەرکێکەو هێزە کۆنەپەرستە دەرگیرەکان و دەستێوەردانی وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە، هەڵگری کارەساتی ئینسانی گەورەیە. بۆیە ئەم دۆخە ئەرکی دەست بەجێ دەخاتە ئەستۆی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوە پەنابەری و ئینسانیەکان کە بە خێرایی بێنە مەیدانی هاوکاری و کۆمەکردنی هەمەلایەنە، بۆ بەرگرتن بەم کارەساتە ئینسانیە گەورەیە.
ڕێکخراوە ئینسانی وپەنابەریەکان!
ئینسان دۆستان!
جەنگێک کە ئیستا لەعێراقدا بەرێوەیە دریژکراوەو بەرهەمی داگیرکاری وجەنگێکە کەلە ١١ساڵی ڕابردودا بەسەر خەڵکی عێراقدا داسەپێنرا و بووە هۆی داڕمانی هەمەلایەنەی شیرازەی مەدەنی کۆمەڵگای عێراق و خوڵقاندنی دۆخێکی نائینسانی و ڕاگرتنی خەڵکی عێراق لە گیژاوێکی سیاسی درێژ مەودادا. ئێستا عێراق بوەتە مەیدانی جەنگ وکیشمەکیشی تیرۆریستی نەبڕاوەو وچالاکبوونی دەیان دەستەوتاقمی تیرۆریستی ئیسلامی و تایفی قەومی، ناوخۆیی و دەرەکی. ئاکامی ئەم سیاسەتەی ئەمریکا عیراقی بەرەو دابەشبوونی ئاینی و قەومی برد و شەری تایەفەگەری کردەواقعیەتی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەکەی کە سەرئەنجام ژیانی ئاوارەی ملیۆنی لێکەوتەوەو ئێستاش هەر ئەوان لی بەرپرسیارن.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لەرۆژی جیهانی پەنابەراندا بانگەوازی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و هەموو ڕێکخراوە ئینساندۆست و پێشکەوتنخوازەکان دەکات کە بەرپرسیارێتی ژیانی خەڵکی ئاوارەی عێراق بگرێتە ئەستۆ لەداهاتی نەوت، کە داهاتی خەڵکی عیراقە. بۆ دابینکردنی لایەنی کەمی ژیانی ئاوارەکان کەم کردنەوەی ژیانی کولەمەرگیان، هەروەها داوا بکات لەو وڵاتانەی پەنابەرانی عێراقی هانایان بۆ بردون، کارئاسانیان بۆ بکەن ومافی پەنابەریان بۆ بەڕەسمی بناسن.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لەڕێگای نوسینگەی نۆێنەرایەتیەکانیەوە لەکوردستان و ولاتەکانی ئەوروپا، هاوشانی رێکخراوە ئینسانی وپەنابەریەکان بۆ هاوکاری وگەیاندنی فریاگوزاری خێرا بۆ ئاوارە عێراقیەکان لە کوردستان، لەهەوڵی بیدریخدا دەبێت. ئێوەش هەر ئاستێک لەهاوکاری وپشتیوانیتان، دەتوانێت ئاستێک لەسەختیەکانی ژیانی ئاوارەکان کەمبکاتەوە.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
١٩-٦-٢٠١٤
بۆ پەیوەندی بە نۆسینگەی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە کوردستان-سلیمانی بەژمارەی: 0770 220 4844